سەردێڕ:

ئەنجومەنی ئاسايش داوایەکی ئەمریکای لەبارەی ئێرانەوە رەتکردەوە

فۆتۆ: 
2020-08-15

2841 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسايشی نێودەوڵەتی رەشنوسی ئەمريکای بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران رەتکردەوە و ئەمەش ناڕەزای واشنتۆنی لێکەوتەوە.

 لە دەنگدانی ئەنجومەنی ئاسايشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە درێژکرنەوەی ماوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە هەريەک لە ئەمريکا و دۆمنيکا بە بەڵێ دەنگيان بە پڕۆژەکەدا و روسيا و چين بە نەخێر دەنگياندا و ١١ ئەندامەکەی ديکە بەشدار نەبوون.

لەم بارەيەشەوە، مايک پۆمپيۆ وەزيری دەرەوەی ئەمريکا لە ڕاگەيەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد پاراستنی ئاشتی و ئارامیی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە، بەڵام ئەو ئەنجومەنە جارێکی دیکە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا شکستیهێنا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکاش دەڵێت کۆڵنادەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانيان.

هاوکات، تاران خۆشحاڵی خۆی بە بڕيارەکە دەربڕی و عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تويتیکدا ئاماژەی بەوەکرد لە مێژوی ئەمريکادا هەرگيز واشنتۆن بەو رادەیە پەراوێز نەخراوە.

پێشتریش ڤلادمير پۆتن سەرۆکی روسيا داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئۆنلاينی وڵاتانی پێنج کۆ يەکی کردبوو لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە گرژييەکان لە بارەی گەمارۆی چەکی سەر تاران.