سەردێڕ:

ترەمپ بۆ سۆراغی رۆژنامەنوسێکی وڵاتەکەی نامەی بۆ بەشار ئەسەد ناردووە

فۆتۆ: 
2020-08-15

13003 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی سۆراغکردن و دیاریکردنی چارەنوسی پەیامنێر و رۆژنامەنوسێکی خەڵکی وڵاتەکەی کە هەشت ساڵ پێش ئێستا لە دیمەشق بێسەروشوێن بووە، نامەی بۆ سەرۆکی سوریا ناردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە هەشتەم ساڵیادی بێسەروشوێنبوونی ئاستین تایس رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵدا داوای لە حکومەتی سوریا کردووە بۆ دۆزینەوە و گەراندنەوەی ئەو رۆژنامەنوسە هاوکاریان بکات و جارێکی تر داوا لە بەرپرسانی دیمەشق دەکات یارمەتیان بدەن تایس بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ئاستین تایس لە رۆژی ١٤ی ئابی ٢٠١٢ لە دیمەشق بێسەروشوێن ببوو، لەو کاتەوە تەنها یەک گرتەی ڤیدیۆیی ناوبراو بڵاوببوەوە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردۆتەوە، کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا ترەمپ نامەی بۆ بەشار ئەسەد ناردووە و تیایدا داوای گفتوگۆی راستەوخۆی لێکردووە لە بارەی چارەنوسی ئەو هاوڵاتیە ئەمریکیە.

تائێستا هیچ گروپ و لایەنێک رفاندنی ئەو پەیامنێرە ئەمریکیەی نەگرتووەتە ئەستۆ و ئەمریکاش لە ساڵی ٢٠١٨ دا بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە کە بە زانیاریەکانیان ببنەهۆی ئازادکردنی.