سەردێڕ:

روسیا کاتی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-08-15

16088 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی روسیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لە ئەمڕۆ شەممەوە دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا. دەشڵێت، بە زوویی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەردەست دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستیی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە وەکو یەکەم وڵاتی جیهان لە ئەمڕۆوە دەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکەن.

راشیگەیاند، لە سەرەتادا، پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ هەفتە دەخایەنێت.

ڤاکسینەکەی روسیا لەلایەن پەیمانگای گامەلیا لە مۆسکۆی پایتەخت پەرەی پێدراوە و بە سەرکەوتوویی، قۆناغی کۆتایی پێش بەرهەمهێنانی لە مانگی رابردوودا تێپەڕاند.

هاوکات، ڤاكسینە روسییەکە ناوی سپۆتینگ ڤی لێنراوە كە ناوی یەکەم مانگی دەستكردی یەكێتی سۆڤیەتە کە لە ساڵی ١٩٥٧ رەوانەی سەر مانگی کرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەسەڵاتدارانی روسیا رایانگەیاندووە، کە لەلایەن ٢٠ وڵاتەوە داواکاری کڕین و ناردنی ڤاکسینەکەیان بۆ هاتووە و پێشتریش، ئەندامێکی شانەی قەیرانەكان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بە فەڕمی داوای ڤاکسینەکەی روسیای کردووە.

ئەگەرچی زانایانی روسیا دڵنیان لە سەرکەوتوویی ڤاکسینەکەیان، بەڵام بەشێک لە زاناکانی بواری ڤاکسین دەڵێن، کە ترسیان لەوە هەیە روسیا بەرزکردنەوەی شکۆی وڵاتەکەی بخاتە پێش سەلامەتی گشتییەوە و ئەوەش، کارەساتێکی تەندروستی بخاتەوە.