سەردێڕ:

پوتین داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و ئێران دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-14

7226 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی روسیا بەمەبەستی کۆتایهێنان بە مشتومڕەکانی گەمارۆی چەک لەسەر تاران پێشنیازی کردووە کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و ئێران بەڕێوەبچێت.

ڤلادمیر پوتین رایگەیاندووە، کە لە رۆژانی رابردودا بە هۆی پێداگری ئەمریکا لەسەر درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران گرژیەکی زۆر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هاتوەتە ئاراوە.

سەرۆکی روسیا داوای کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بەو بارگرژیە کۆبوونەوەی نێوان پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا کە بە کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک ناسراون لەگەڵ ئێران بەڕێوەبچێت.

پوتین جەختیشی کردۆتەوە، کە تۆمەتەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بێ بنەمان و روسیا پابەند بە رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ەوە.

بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک بڕیارە لە ١٨ ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ گەمارۆی چەک لە سەر ئێران هەڵبگیرێت.

لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەکی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەمریکا پێی وایە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسیەوە و بۆ درێژکردنەوەی ئەو گەمارۆیە رەشنوسی بڕیارنامەیەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.

روسیا و چین وەک دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کە مافی ڤیتۆیان هەیە، دژی رەشنوسەکەی ئەمریکان.