سەردێڕ:

دەستەى دەروازە سنورییەکانی عێراق: داهاتى یەک رۆژى ئوم قەسر لە دوو ملیار دینار زیاتربووە

فۆتۆ: 
2020-08-14

4742 جار خوێندراوەتەوە

دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق رایگەیاند، داهاتى رۆژانەى بەندەرى ئوم قەسر زیادیکردووە و تەنیا لە یەک رۆژدا لە دوو ملیار دینار زیاتربووە.

دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، داهاتى رۆژى ١٣ى ئەم مانگە لە بەندەرى ئوم قەسر لە پارێزگاى بەسرە ٢ ملیار و ١٢٦ ملیۆن دیناربووە، بەجۆرێک بەشى زۆرى لە رێگەى سەپاندنى گومرگەوە بووە لەسەر ئاڵۆگۆڕى بازرگانى و ئەوەى دیکەى لەرێگەى باجەوە بەدەستهاتووە.

ئەوەشى روونکردووەتەوە، ئەم زیادبوونەى داهاتى بەندەرەکە لە ئەنجامى جێبەجێکردنى سەرجەم رێکار و یاساکانى چاودێریى و وردبینى و پشکنینى ئەمنى بەدیهاتووە، بەتایبەتى لەدواى گەیشتنى رێنماییەکانى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران لە بوارى چاکسازى لە داهاتى دەروازە سنورییەکاندا.

پێشتریش، دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق رایگەیاندبوو، سەرەڕاى داخرانى بەشێک لە دەروازە سنورییەکان بەهۆی رێنماییەکانى قەدەغەى هاتوچۆوە، بەڵام داهاتى خاڵە سنورییەکان زیادیکردووە.