سەردێڕ:

سی پی جەی: لە هەولێر و دهۆک ئاسایش پێشێلکاری بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تی کردووە

فۆتۆ: 
2020-08-14

3722 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەى داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان دەستهەڵبگرن لە هەراسانکردنى راگەیاندنەکان و ئەو کەلوپەلانەى دەستیان بەسەردا گرتووە بیگەڕێننەوە و رێگە بدەن بەبێ ترسان لە پەلاماردان و دەستبەسەرکردن پەیامنێران بە ئازادیی رووماڵى خۆپیشاندانەکان بکەن.

کۆمیتەى داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ناسراو بە  (سى پى جەى)، لە راگەیەنراوێکدا  پێشێلکارییەکانى هێزەکانى ئاسایش بۆسەر رۆژنامەنوسان و کەناڵەکانى راگەیاندن لە دهۆک و هەولێر بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، هێزەکانى ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسى دهۆکى کەناڵى ئێن ئاڕ تى و لە کاتژمێر ١٠ى پێش نیوەڕۆوە تاکو کاتژمێر ٧ى ئێوارە ئابڵوقەیانداون تاوەکو نەتوانن رووماڵى خۆپیشاندانەکانى ئەو پارێزگایە بکەن.

باسى لەوەشکردووە، لە هەمان رۆژدا لە هەولێر هێزەکانى ئاسایش بۆ ماوەیەک کارمەندێکى کەناڵى ئێن ئاڕ تیان دەستبەسەرکردووە.

ئیگناسیۆ دێلگادۆ نوێنەرى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفەریقاى رێکخراوەکە رایگەیاندووە، دەستبەسەرکردنى رۆژنامەوانان بەبێ مۆڵەتى دادگا و دەستبەسەرداگرتنى کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان و هێرشکردنەسەر سەر تیمەکانیان، ئاماژەیەکى روونە لەسەر سانسۆرکردن لەسەر رووماڵى خۆپیشاندانەکان و ئاڵۆزییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر هەرێمى کوردستان دەیەوێت بانگەشەکانى بۆ بوونى دیموکراسى لەهەرێم بەجدیی وەربگیرێت، پێویستە بەرپرسانى ئەو هەرێمە دڵنیایی بدەن، کە هەموو راگەیاندنەکان بە ئازادانە کاربکەن بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ لایەنێکن، هاوکات دەستبەجێ سەرجەم کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان بۆ بگەرێننەوە.

رۆژى ١٢ى ئەم مانگە، خۆپیشاندانى سەرتاسەرى لە زۆربەى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام لە پارێزگاى دهۆک و هەولێر بەرپرسان رێگەیان بە خۆپیشاندان و رووماڵکردنى خۆپیشاندانەکان نەدا و هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان.