سەردێڕ:

مانگی داهاتوو ماکرۆن سەردانی لوبنان دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-14

1143 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سەرۆکی فەرەنسا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ هەوڵی نوێژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەکان، مانگی داهاتوو دووبارە سەردانی بەیروت بکاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، فلۆرانس بارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا رایگەیاند، "ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت مانگی داهاتوو جارێکی دیکە سەردانی لوبنان بکاتەوە"، دەشڵێت، "سەرۆکی فەرەنسا لە سەردانەکەیدا دەیەوێت بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی سەر لەنوێ نوێژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی بەیروت بکات."

وەزیری بەرگری فەرەنسا داواشی لە لوبنانییەکان کرد، کە حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنن، تاوەکو بتوانێت بە بوێرییەوە بڕیارەکان بدات.

لە ٦ی ئەم مانگەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا وەکو یەکەم بەرپرسی باڵای بیانی دوای تەقینەوە گەورەکەی بەیروت بەسەردانێک گەیشتە ئەو شارە و رایگەیاند، لوبنان گیرۆدەی چەندین قەیرانی ئابوری و سیاسیە و پێویستە چاکسازی پێویست بکەن، بە پێچەوانەوە بەردەوام هەر لە قەیراندا دەبێت.

رۆژی ٤ی ئەم مانگە، تەقینەوەیەکی گەورە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان روویدا و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی بێلانە بوون و چەندین زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە و دواتر بەهۆی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانەوە سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەستلەکارکێشانەوەی کابینەکەی راگەیاند.