سەردێڕ:

چەند وڵاتێکی عەرەبی دوای هێرشەکانی تورکیا پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق دەربڕی

فۆتۆ: 
2020-08-13

10641 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی وەستاندنی دەستدرێژییەکانی تورکیا، هەریەک لە ئەردەن، سعودییە، کوەیت و میسڕ پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق دەربڕیوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیاندراوێکیدا ئاشکرایکرد، "وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر و ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئەردەن و فەیسەڵ فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە و ئەحمەد ناسر وەزیری دەرەوەی کوەیت ئەنجامداوە ".

باسی لەوەشکرد، "پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان پاش دەستدرێژییە دوژمنکارییە ئاشکراکانی تورکیا هاتووە بۆسەر عێراق کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی دوو فەرماندە و سەربازێک لە سوپای عێراقی لە میانی بۆردومانەکانی تورکیا لە ناوچەی سیدەکانی سەر بەپارێزگای هەولێر."

ئەوەش لە کاتێکدایە ١١ی ئەم مانگە، لە کاتی کۆبوونەوەی پاسەوانی سەر سنور و پەکەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عێراقی بۆردومان کرد، بەوھۆیەوە سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنور شەھید بوون، کە دووانیان ئەفسەر بوون.

ک.ئـ