سەردێڕ:

ترەمپ: رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل هەنگاوێکی گرنگە بۆ رۆژهەڵاتێکی ئاسودەتر

فۆتۆ: 
2020-08-13

2298 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكى ئەمريكا رايگەياند، ئيسرائيل و ئيمارات رێكکەوتنێكيان لەسەر ئاسايیكردنەوەى تەواوەتى پەيوەندييەكانيان واژۆكردووە و ئەم رێککەوتنەشی بە ساتێکی مێژوویی ناوبرد.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، "ئەو رێککەوتنەی کراوە ساتێکی مێژووییە"، راشیگەیاند، "ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ رۆژھەڵاتێکی ئاسوودەتر و سەقامگیرتر، لە ئێستادا بەفرەکە دەتوێتەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکەم ژمارەیەکی زیاتری وڵاتانی موسڵمان و عەرەب چاو لە ئیمارات بکەن."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم رێککەوتنە سەردانیکردنی شوێنە پیرۆزەکان ئاسانتر دەکات بە تایبەتی مزگەوتی ئەقسا کە موسڵمانان حەز بە بینینی دەکەن"، ئاشکراشی کرد، "ئەم رێککەوتنە بە رێککەوتنی ئەبراھام (رێککەوتنی ئیبراھیم) ناودەبرێ."

باسی لەوەشکرد، "ئیدی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکشێتەوە و پێویست ناکات لەوێ بمێنێتەوە، پێویستیشمان بە نەوت نییە و ئیدی لەو ناوچەیە لە ھەبوونی دۆستانی باش ھیچی دیکەمان پێویست نییە و هەمیشە لەپاڵیان دەبین."

ئەمڕۆ، لەو روونكردنەوە هاوبەشەى كە بە ناوی ئەمريكا، ئيسرائيل و ئيماراتەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، "دۆناڵد ترەمپ پەيوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ بنيامين نەتانياهو سەرۆك وەزيرانى ئيسرائيل و ئەبوزەبى محەمەد بن زايد شازادەى جێنشينى ئيمارات ئەنجامداوە و تێيدا هاتووە، " ئيسرائيل و ئيمارات بە مەبەستى ئاساييكردنەوەى تەواوەتى پەيوەندييەكانى نێوانيان گەيشتنە رێكەوتن."

ئەوەش هاتووە، "ئەو رێكەوتنە ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زياددەكات و لە چەند هەفتەیەکی داهاتوودا بەرپرسانى ئيسرائيل و ئيمارات كۆدەبنەوە و وابڕیارە رێكکەوتنى دووقۆڵى لە بوارەكانى وەبەرهێنان، گەشتيارى، رۆشنبيرى، گەشتى ئاسمانى راستەوخۆ، ئاسايش، پەيوەندييەكان، تەكنەلۆجیا، وزە، تەندروستیى، ژينگە و كردنەوەى  باڵيۆزخانە لە هەردوولا ئەنجامبدەن."

ل.و