سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: ئەگەر دەسەڵات وەڵام نەداتەوە بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی گەورە دەکەین

فۆتۆ: 
2020-08-13

18759 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دەسەڵات باکی بەوە نییە کە خەڵکی هەرێم موچەی نەبێت و لە دۆخێکی خراپدابن، دەشڵێت ئەگەر دەسەڵات وەڵامی خۆپیشاندانەکان نەداتەوە بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی گەورە دەکەن.

لە پەیامێکیدا کە کاتژمێر نۆی ئەمشەو بڵاوکرایەوە، شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ سوپاسی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە خۆپیشاندانەکانی ١٢ی ئابدا رایگەیاند، "دەسەڵات و حکومەتی هەرێم باکیان بەوە نییە کە خەڵک موچەی نەبێت و لە دۆخێکی خراپدابن، بەڵکو ئەوەیان بەلاوە گرنگە کە کۆمپانیاکانی خۆیان لە خاڵە سنورییەکاندا داهاتیان زۆربێت."

باسی لەوەشکرد، کە ئەوان دەیانەوێت هاوڵاتیان لەگەڵ خۆپیشانداندا ئاشت بکەنەوە و لە دوو خۆپیشاندانی رابردووشدا کە لە ٢٢ی شوبات و ١٢ی ئابدا ئەنجامدران، سەرکەوتوبوون لە گەیاندنی ناڕەزایەتییەکان بەبێ ئەوەی خوێن لە لوتی یەک هاوڵاتی بێت.

شاسوار عەبدلواحید ئاماژەی بەوەشکرد، لە خۆپیشاندانەکاندا، لەپاڵ پیاواندا، کچان و ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر بەشداربوون، دەشیانەوێت رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان و چین و توێژەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی زۆر گەورە دروست بێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و روخاندنی حکومەت، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکان نەدرێتەوە.

هەر لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی، هەندێکجار دەسەڵات بە ئەنقەست خەڵك دەنێرێت بۆ بەردبارانکردنی شوێنەکان، بەڵام دەبێت هاوڵاتیان نەکەونە داوی دەسەڵات و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان.