سەردێڕ:

چەند نوسەر و یاساناسێک یاداشتێکیان لەبارەی پڕۆژەیاسای میدیای ئەلیکترۆنییەوە بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-08-13

2022 جار خوێندراوەتەوە

چەند نوسەر و یاساناسێک یاداشتێکیان لەبارەی پڕۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی بڵاوکردەوە و باس لەوەدەکەن، "ئەو پڕۆژە یاسایە پێناچێت بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیی بێت، بەڵكو هەوڵێكە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان."

چەند نوسەر و ئەکادیمی و یاساناسێک یاداشتێکیان لەبارەی پڕۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە كاتێكدا كوردستان بەدۆخێكی زۆر خراپی سیاسی و ئابوری تێدەپەڕێت و نەهامەتی و برسێتی خەڵك گەیشتۆتە دۆخێكی زۆر مەترسیدار، موچە و قوتی موچەخۆرانی كوردستان چۆتە قوڕگی شێر و دیار نییە چی بەسەردێت، رۆژانە بەڵگە و دۆیكۆمێنتەكانی گەندەڵی و خراپیی حكومڕانی ئەم وڵاتە لەمیدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاودەكرێتەوە، پرۆژە یاسایەك لەژێر ناونیشانی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی، گوایە بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیە پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "لەراستیدا ئەو پرۆژەیە كە ناوەڕۆكەكەی ئێستا ئاشكرا دەبێت، پێناچێت بۆ رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنیی بێت، بەڵكو هەوڵێكە بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاوڵاتیان، تاوەكو نەتوانن لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەکان رەخنە و تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی رووداوەكان و گرفت و كەموكوڕی و گەندەڵییەكانی حكومڕانی دەرببڕن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "بۆ رەتکردنەوەی ئەم یاسایە هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین هیچ جیاوازییەک لەنیوان ئەکاونت و پەیجی دامودەزگا میدیاییەکان و ئەکاونت و پەیجە شەخسییەکاندا ناکات، ئەمەش مانای وایە دەشێت هەر هاوڵاتییەک لەسەر نوسین یان کۆمێنتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راپێچی بنکەی پۆلیس و دادگا بکرێت، جگە لەوەش ئاماژەکردن بە یاسای تیرۆر دەرگا لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەسەر نوسین و بڵاوکردنەوە، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێن، ئەمە لەکاتێکدایە کە یاسا دەبێ هەمیشە بە دوور بێت لە هەموو ناڕوونی و ئاڵۆزییەک، چونکە ئەمە بواری تەفسیری جیاواز دەڕەخسێنێت و دەشێت ببێتە ئامڕازی بێدەنگکردن، نەک پاراستنی مافەکان، ئەوەی ئێستا لەپرۆژەكەدا هاتووە بیانو دەداتە دەسەڵاتداران و كاربەدەستان تا بە ئارەزووی خۆیان تۆمەت بخەنە پاڵ هاوڵاتی یان فەرمانبەر یان هەركەسێك لەم وڵاتە، دواتر بەو تۆمەتە لەكار و وەزیفە دووریبخەنەوە یان زیانی پێبگەیەنن."

باسیان لەوەشکردووە، "ئاشكرایە كە ئازادی و پاشەگەردانی جیاوازیی زۆریان هەیە، هەموومان دەزانین دەركردنی یاسا بۆ رێكخستنی ژیان زۆر گرنگە، بەڵام ترسێكی زۆرمان هەیە كە یاساكە بەشێوەیەكی خراپ و بۆ مەبەستی شەخسی و حزبی بەكاربهێنرێت، هەربۆیە دەبینین یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ لە ساڵی ٢٠٠٧وە دەرچووە بەڕوونی رێگریی دەكات لە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بەڵام تائێستا رۆژنامەنوس لەسەر نوسین دەستگیردەكرێن، چونكە بەشێك لە دادوەران لەژێر كاریگەریی بارودۆخی حزبی كوردستان بە یاسای دیكە تۆمەت دەخە پاڵ رۆژنامەنوسان."

دەشڵێن، "پێویستە هەموو لایەك ئاگاداربێت كە ئەم پرۆژە یاسایەی ئێستا بەردەستە، نەك میدیا بگرە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش كۆت و بەند دەكات، كۆمەڵێك رێكار و سزا و غەرامە لەخۆ دەگرێت پێچەوانەی پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی یاسا و رێكارە كارپێكراوەكان رێكخستنی كاروباری حكومڕانیە."

ئەوەش هاتووە، "خراپی ئەم حكومڕانییە بەڕێگرتن لەناڕەزایی خەڵك چارەسەر نابێت، هەروەك ئینكاریكردنی راستیی هیچ لەراستییەكان ناگۆڕێت، ئێستا تاكە رێگایەك بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین و رەخنەگرتن لەحكومڕانیی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، چونكە حكومەت و بەشێك لە حكومڕانانی هەرێم هەموو گۆڕەپانەكانی كۆبوونەوەی جەماوەریی و خۆپیشاندانیان بەڕووی خەڵك داخستووە، بێگومان بە یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، كە دیسان ئەویش خراپ بەكاردەهێنرێت."

باسیان لەوەشكردووە، "ئێمە وەكو ژمارەیەكی زۆر نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەكادیمیی و یاساناسانی كوردستان، دەمانەوێت دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەیەنینە دەسەڵاتداران و خەڵكی كوردستانیش لە وەها هەوڵێك ئاگاداربكەینەوە، داوا لە حزب و لایەنە سیاسییە حكومڕانەكان و حكومەت و ئەندامانی پەرلەمان و هەموولایەك دەكەین، ئەم پرۆژە یاسایە راگرن پێویست بەپرۆژەیەكی وەها ناكات، بەڵكو تەنها بڕیارێك دەربكەن كە میدیای ئەلیكترۆنی بچێتە ژێرباری یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧."

ناوی ئەو نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و یاساناسانەی واژۆیانكردووە:

١- مەریوان وریا قانیع

٢- سەردار ھەرکی/ یاساناس

٣- رەوف بێگەرد

٤ -مەسعود عەبدولخالق

٥- خالد دۆسکی

٦- سەرتیپ جەوھەر

٧- ئاوات عەلی – سەرۆکی دامەزراوەی نالیا

٨- ئاسۆس ھەردی

٩- سەردار محەمەد

١٠- موحسین عوسمان

١١ -رێبین ھەردی

١٢- شادمان مەلا حەسەن

١٣- شوان داودی

١٤- شوان محەمەد

١٥- رێبوار کەریم وەلی

١٦- دڵشاد مەجید

١٧- بورھان حاجی عەلی

١٨- ھیوا قادر

١٩- ئارام سەعید

٢٠- خالید سلێمان

٢١- د. ھەردەوان نەقشبەندی – مامۆستای زانکۆ

٢٢- ئەحمەد عەبدولقادر/ پارێزەر و یاساناس

٢٣- مەکی ئامێدی

٢٤- ئەیوب ئەنوەر– مامۆستای زانکۆ

٢٥- ئیبراھیم عەباس

٢٦- شیلان دەرگەڵە

هـ.ئـ