سەردێڕ:

تورکیا و عێراق لەبارەی ئاوی دیجلە و فوراتەوە گفتوگۆدەکەن

فۆتۆ: 
2020-08-13

2990 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانیان لەبارەی ئاوی روباری دیجلە و فوراتەوە لەگەڵ تورکیادا دەستپێدەکەن.

عەونی زیاب وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی کەمی باران بارین و گۆڕانی کەش و ھەواوە رێژەی ئاو لە هەردوو روباری دیجلە و فورات لە چەند ساڵی رابردوودا رووی لە کەمی کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، "سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی راسپاردووە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ تورکیا لەبارەی پشکی ئاو لەهەردوو روباری دیجلە و فورات".

باسی لەوەشکرد، عێراق پێویستی زۆری بە ئاو هەیە و نەگەیەشتن بە رێکەوتن زیانێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەی ئەم پرسەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەردوولا لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن.

دیجلە و فورات، بە سەرچاوەیەکی سەرەکی سەرچاوەی ئاو لە عێراق دادەنرێت، بەڵام ئاستی ئاوی هەردوو روبارەکە بەهۆی کەمبوونەوەی بارینی باران و گۆڕانی کەشوهەوا و دروسکردنی چەند بەنداوێک لەسەر روبارەکان رووی لە کەمبوونەوە کردووە.

ئـ.ب