سەردێڕ:

وەزارەتى دارایی عێراق وەڵامێکی توندی حکومەتی هەرێمی دایەوە

فۆتۆ: 
2020-08-12

57366 جار خوێندراوەتەوە

 وەزارەتى دارایی عێراق وەڵامى راگەیەنراوەکەى حکومەتى هەرێم لەبارەى گفتوگۆکانى نێوان هەرێم و بەغدا دایەوە و رایگەیاند، ئەوە حکومەتى هەرێمە نەرمی نەنواندووە لە گەیشتن بە رێکەوتن.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق، سەرسوڕمانى خۆى لە راگەیەنراوەکەى حکومەتى هەرێم دەربڕیوە و رایگەیاندووە، حکومەتى ناوەند لە سەرەتاى گفتوگوکاندا سور بووە لەسەر دابینکردنى مافى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت پاش ئەوەى دەرکەوتووە شایستە داراییەکانی پێشوو کە نێردراون، نەگەیشتوونەتە فەرمانبەرانی هەرێم.

وەزارەتى دارایی عێراق باسى لەوەشکردووە، راگەیەنراوەکەى هەرێم ورد نەبووە لە دیاریکردنى کێشە بنەڕەتییەکە و بەتایبەت لەو نەرمی نواندنە گەورەیەی حکومەتى ناوەندى بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک کە خزمەتى گەلى هەرێمى کوردستان بکات.

ئەوەشی وتووە، حکومەتى ناوەندى بەپێی دەستور پێشنیازی کردووە بە هاوبەشى هەردوولا دەروازە سنورییەکان کۆنترۆڵبکرێن و چاودێرى داهاتەکەى و گومرگەکەى بکرێت، بۆیە لەو سۆنگەیەوە، ئەوە حکومەتى هەرێمە کە هاوکار نەبووە و نەرمی نەنواندووە لە مەلەفی داهات  و دەروازە سنورییەکان.

 وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، بە هەزاران فەرمانبەری هەرێم داوا دەکەن مووچەکانیان ببەسترێتەوە بە بانکەکانەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژى ١٢ى ئەم مانگە حکومەتى هەرێم کۆبوەوە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند، حکومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی دەستووریی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەڵام بەغدا زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.