سەردێڕ:

قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەى ئاوى لە دەبەنراو هۆشیاری دەدات

فۆتۆ: 
2020-08-12

7305 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، هەموو شوێنەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر نەگوازنەوە و لە پلەی گەرمی بەرز عەمباری نەکەن.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەکانمان کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکانەکان ئاگاداری هەموو شوێنەکانى کردۆتەوە کە ئاوی لە دەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر نەگوازنەوە و لە پلەی گەرمی بەرز عەمباری نەکەن،" دەشڵێت، "سەرپێچیکاران روبەروی رێکاری یاسایی دەکەنەوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پێویستە ئاوی لە دەبەنراو دوور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە و لە شوێنی فێنک کە پلەی گەرمییەکەی لە ٢٥ پلەی سەدی تێپەڕنەکات عەمبار بکرێت، تا رێگری لە کارلێکی نێوان ماددە پلاستیکەکە و ئاوی ناو دەفرەکە بکرێت کە بەهۆیەوە زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت".

ئەوەشى خستەڕوو، "لەکاتی گواستنەی ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر و عەمبارکردنی لە پلەی گەرمی بەرزدا لیژنە هاوبەشەکان راسپێردراون سەرپێچیکار روبەروی رێکاری یاسایی بکەنەوە".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، بەشێک لە دوکاندار و فرۆشیارەکان ئاوى لەدەبەنراو لەبەردەم دوکان و فرۆشگاکانیان دادەنێن و چەند جارێکیش قائیمقامیەت و لیژنەکان هۆشدارییانداوە لەوبارەیەوە.