سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: بوینە ١٠٠ هەزار رێپێوان دەکەین بۆ روخاندنی دەسەڵات

فۆتۆ: 
2020-08-12

22598 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید بەشداری خۆپیشاندانەکەی سلێمانی کرد و ڕایگەیاند، میلەتی کورد سەری شۆڕ نەکردوە بۆ دەیان ڕژێمو کە لە پێشوودا هەبوون، سەریش شۆڕناکات بۆ ئەم ڕژێمەی ئێستا هەیە و ئەمڕۆ رۆژی سەپاندنی ئیرادەی خۆتانە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاند، میلەتێک ئەگەر ئامادە نەبێت یەکجار لەپێناو ئازادیدا باج بدات، هەتا ئەو ڕۆژەی کە دەمرێت باجی ژێردەستەیی و زەلیلی دەدات، بۆیە با ئێمە یەکجار باج بدەین لەبری ئەوەی هەتا ماوین هەر ژێردەستە و زەلیل بین.

باسی لەوەش کرد، ئەوەی ئەمڕۆ کە ئێوە بەشدارن وەڵامێکە بۆ هەموو ئەوانەی پێیان وایە میلەتی ئێمە تەسلیم بوە، ئێوەن خەڵکی زیندوو، ئەوە ئێوەن کە مافی خۆتان دەسەنن بۆ پاراستنی کەرامەتی هاونیشتیمانیان هاتونەتە دەرێ.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ کە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و شارۆچکەکان دەستتان پێکردوە هەنگاوێکە لە شۆڕشێکی مەدەنیی بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لە هەولێر و دهۆک کراوە و ڕێگریی لە خۆپیشاندان کراوە نیشانەی ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە بەرگەی یەک کاتژمێر خۆپیشاندانی هاوڵاتیان ناگرێت.

شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت، پرۆسەی گۆڕانکاری و خەباتی مەدەنی، پشوودرێژی دەوێت، ئازایەتی و قارەمانێتی دەوێت، دەبێت هاوڵاتیان بەردەوام بن و سارد نەبنەوە و نەهێڵن دەسەڵات ساردتان بکاتەوە.

راشیگەیاند، دەیانەوێت خۆپیشاندانی هێمنانە بکەن بۆ ئەوەی قەناعەت بەوانە بکەن کە لە ماڵەوەن، بۆ ئەوەی  سەد هەزار کەس بێتە دەرەوە، کە ژمارەی خەڵکەکان زۆر بوون و گەیشتە سەد هەزار کەس و دوو سەد هەزار کەس، ئەوکاتە ڕێپێوان دەکەن بۆ ڕووخاندنی عەرشی ئەم دەسەڵاتە.

رۆژی ١٢ی ئاب، لە چەندین شار و شارۆچکە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی خراپی حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بڕیاریشە خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن.