سەردێڕ:

ئەمریکا رەشنوسی درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکی سەر ئێرانی خستەڕوو

فۆتۆ: 
2020-08-12

2463 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا رەشنوسی بڕیارنامەی درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکی سەر ئێرانی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە دەنگدانەوە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە دەقی رەشنوسەکە بە تەواوەتی کورتکراوەتەوە و تەنها چوار پەرەگراف لەخۆ دەگرێت، ئەمەش لەکاتێکدا رەشنوسی سەرەتایی ٣٥ پەرەگراف بوو.

لە رەشنوسەکەدا ئەمریکا جەختی لەوەکردۆتەوە، کە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی زۆر پێویستە گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژبکرێتەوە.

لەرەشنوسی سەرەتاییدا باس لەوەکرابوو کە ئێران چەک و تەقەمەنی بۆ گروپە شیعەکانی عێراق، لوبنان، سوریا و یەمەن رەوانە دەکات، هاوکات ئەوەشخرابوەڕو، کە پێویستە هەر کەشتی و فڕۆکەیەکی گومانلێکراو بە پێشێلکردنی گەمارۆی چەک لەسەر تاران پێویستە پشکنینی بۆ بکرێت.

ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاویکردبووەوە، ئاستی دژایەتی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ رەشنوسی سەرەتایی بڕیارنامەکە بەرادەیەک بووە، کە ئەمریکا نەیدەتوانی نۆ دەنگی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پاڵپشتی لە رەشنوسەکە کۆبکاتەوە.

وابڕیارە دوای گفتوگۆی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەر لەم هەفتەیەدا رەشنوسە نوێکە بخرێتە دەنگدانەوە.

لە مانگی ١٠ ئەمساڵدا، گەمارۆی چەک لەسەر ئێران هەڵدەگیرێت و ماوەی نزیکەی شەش مانگە ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ماوەی ئەو گەمارۆیە درێژبکرێتەوە، بەڵام روسیا و چین دژی ئەو هەوڵەی واشنتۆنن.