سەردێڕ:

پەرلەمانی عەرەب داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-12

2016 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عەرەب داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، رێگری بکات لە دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق.

لە راگەیەندراوێکی پەرلەمانی عەرەبدا هاتووە، "بەتوندی ئیدانەی دەستدرێژییە دوژمنکارییە ئاشکراکانی تورکیا بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق دەکەین."

دەشڵێت، "داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەین هەنگاوبنێت بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژییە بەردەوام و دووبارەبووەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق."

لەماوەی رابردوودا، تورکیا چەندین هێرشی سەربازی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەندین زیانی گیانی و ماددی بە وڵاتەکە گەیاندووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ، لە کاتی کۆبوونەوەی پاسەوانی سەر سنور و پەکەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عێراقی بۆردومان کرد، بەوھۆیەوە سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنور شەھید بوون، کە دووانیان ئەفسەر بوون.