سەردێڕ:

جۆ بایدن ژنێک وەک جێگری خۆی کاندید دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-12

3225 جار خوێندراوەتەوە

جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، سیناتۆر کامالا هاریسی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک لە سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا دەستنیشان کرد، ئەمەش بۆ یەکەمجارە ئافرەتێکی جامایکی-هندی بۆ ئەم پۆستە کاندید بکرێت.

لە تویتێکدا بایدن رایگەیاند، "شەرەفێکی گەورەیە کە خاتوو هاریس وەک یاریدەدەری خۆم دەستنیشان دەکەم"، هەروەها وتی، "جەنگاوەرێکی ئازایە لەبەرامبەر پیاوێکی بچوکدا نازانێت ترس چییە، یەکێکە لەباشترین فەرمانبەرانی وڵات، من شانازیم دەکرد و ئێستاش شانازی دەکەم کە هاریس هاوبەش و هاوکارمە لەم کەمپینەدا."

لەبەرامبەردا هاریس لە تویتێکدا وەڵامی بایدنی دایەوە و رایگەیاند، "بایدن لەتوانایدایە گەلی ئەمریکی یەکبخات، چونکە ئەو لە پێناوی ئێمەدا جەنگاوە"، هەروەها وەک سەرۆکێک کە ئەمریکا بە باشترین و باڵاترین نمونە دادەمەزرێنێت وەسفیکرد.

راشیگەیاند، "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە شانبەشانی بایدن هەوڵدەدەم و کاندیدی پارتەکەمم وەک جێگری سەرۆک، پێویستە ئەوەی لەسەرمە بیکەم تا ببێتە باشترین و باڵاترین سەرکردەمان."

لەمێژووی ئەمریکادا، ئەمە سێهەمجارە ئافرەت بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی وڵات کاندید دەکرێت، پێشتر لە ساڵی ١٩٨٤ دیموکراتەکان جێراڵدین فیرارۆ  و لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆمارەییەکان سارا پالینیان بۆ ئەوپۆستە کاندید کرد، بەڵام یەکەمجارە ئافرەتێکی بەڕەچەڵەک جامایکی-هندی بۆ ئەم پۆستە کاندید دەکرێت.

وابڕیارە لە ٣ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ترمپ و بایدن لە دیبەیتێکدا روبەڕوی یەکتر ببنەوە، بەهەمان شێوە، هەریەک لە هاریس و پێنس جێگرانی بایدن وترەمپ لە ٧ی تشرینی یەکەمدا لە دیبەیتێکدا روبەڕوی یەکتر دەبنەوە.