سەردێڕ:

بەغداد سەردانی وەزیری بەرگری تورکیای بۆ عێراق هەڵوەشاندەوە

فۆتۆ: 
2020-08-12

7132 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "بەغداد سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیای بۆ وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو سبەینێ ئەنجامی بدات."

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، "عێراق زۆر بەتوندی ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا بە ئاشکرا دەیکاتە سەر وڵاتەکە و هەڵدەستێت بە بۆردومانکردنی خاکەکەی رەتدەکاتەوە"، هاوکات، هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیای بۆ عێراق راگەیاند.

ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی سەروەری و رێزی وڵات دادەنێت و بە کردەیەکی دوژمنکارانە و پێچەوانەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان هەژماریدەکات کە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێکدەخات، هەروەکچۆن پێچەوانەی بنەمای رێزگرتنی هاوسێیەتی نێوان دوو وڵاتە، کەپێویستە ببێتە هۆی پێداگری لەسەر کاری هاوبەشی ئەمنی و خزمەتکردنی هەردوو وڵات."

ئەوەش هاتووە، "دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە رەفتارانە و وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانی عێراق لەلایەن تورکیاوە لەمەڕ وەستاندنی پێشێلکارییەکان و کشانەوەی هێزەکانی کە سنورەکانی نێوان دوو وڵاتی بەزاندووە، وامان لێدەکات لەسەر هەموو ئاستەکان چاو بە قەبارەی هاوکاری نێوان دوو وڵاتەکەدا بخشێنینەوە."

هەروەها رایگەیاند "عێراق جەختدەکاتەوە لەسەر رێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەربازگە یان تێپەڕبوون و هۆکاری زیان پێگەیاندنی لەهەر یەک لە دراوسێکانیەوە، هەروەکچۆن رەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانی ململانێیەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان لایەنەکانی دەرەوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ، لە کاتی کۆبوونەوەی پاسەوانی سەر سنور و پەکەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عێراقی بۆردومان کرد، بەوھۆیەوە سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنور شەھید بوون، کە دووانیان ئەفسەر بوون.