سەردێڕ:

بەهۆی لافاوەوە لە چین شەش کەس گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-08-12

1910 جار خوێندراوەتەوە

له‌ پارێزگای سچوان باشوری خۆرئاوای چین، به‌هۆی هه‌ستانی لافاوه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی بارانی به‌لێزمه‌، شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و پێنج كه‌سی دیكه‌ بێسه‌روشوێن بوون.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی شینخوا،‌ له‌ ئه‌نجامی لافاو و ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ به‌هۆی باران بارینه‌وه‌ كه‌وتوونەتە‌وه‌، شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و پێنج كه‌سی دیكه‌ بێسه‌روشوێن بوون، له‌و شوێنانه‌ش كه‌ له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ نزمن و رووباره‌كه‌ سه‌رڕێژی كردوون‌ زیانی نزیكه‌ی حه‌وت ملیار دۆلاری له‌ ئابوریی وڵاته‌كه‌ داوه و ژماره‌یه‌كی زۆر خانوو و به‌شێكی زۆر له‌ تۆڕه‌كانی كاره‌با زیانیان پێگه‌یشتووه‌.

ئەوەش هاتووە، له‌ ئه‌نجامی بارانی به‌لێزمه‌، رووباری چینگی له‌ شاری یان سه‌ربه‌ پارێزگاكه‌ سه‌رڕێژبووه‌، هاوکات، جگه‌ له‌ شاری یان، له‌ مه‌یشان و شاری چێنگدو كه‌ ناوه‌ندی پارێزگاكه‌یه‌، بارانی به‌لێزمه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی رۆژانه‌ درووستكردووه‌.

له‌ مانگی حوزه‌یرانەوە، له‌ ئه‌نجامی لافاوه‌كان له‌ چین ، ١٤١ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یان بێسه‌روشوێن بوون، هه‌ر به‌هۆی لافاوه‌كانه‌وه‌ له‌ ٢٤ پارێزگا دوو ملیۆن كه‌س ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.