سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆ: پێویستە پەکەکە و تورکیا ململانێکانی خۆیان ببەنە دەرەوەی خاکی هەرێم

فۆتۆ: 
2020-08-11

4762 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، پێویستە پەکەکە و تورکیا ململانێکانی خۆیان ببەنە دەرەوەی خاکی هەرێم و عێراق، دەشڵێت، "خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێم وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێم."

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبارەی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی تورکیاوە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١١\٨\٢٠٢٠، كاتژمێر ٢:٤٥، لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنوری سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فرۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج."

ئەوەشی خستەڕوو، "بەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید دەبن بە ناوەكانی محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنور و زوبێر حالی تاجەدین، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنور و حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن بریندار دەبێت.

باس لەوەشکراوە، "دوپاتی دەكەینەوە كە پێویستە  پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە."

دەشڵێت، "خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کاتی کۆبوونەوەی پاسەوانی سەر سنور و پەکەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عێراقی بۆردومان کرد و سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنور و سێ گەریلای پەکەکە شەهید بوون.