سەردێڕ:

لە ئێران پێنج کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-08-11

1345 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە کە دەرکەوتووە لە ماوەی رابردوودا، لە دامەزراوە هەستیارەکانی وەک، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی کاری سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل، بەریتانیا و ئەڵمانیا کردووە.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، غوڵام حوسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، یەکەکانی هەواڵگریی ئۆپراسیۆنیان بۆ سەر ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە پەیوەندیان هەیە بە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە و دەشڵێت، "لە ماوەی رابردوودا پێنج کەس لە وەزارەتەکانی دەرەوە، پیشەسازیی و بەرگریی و دامەزراوەی وزەی ئەتۆمیدا دەستگیرکراون."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دووان لەو کەسانەی دەستگیکراون بە ١٠ ساڵ زیندانی سزادراون، هاوکات، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رەتیکردەوە زانیاری لەبارەی سیان لەو تۆمەتبارانەوە بخانەڕوو.

باسی لەوەشکرد، یەکێک لە تۆمەتبارەکان زانیاری لەبارەی گرێبەستەکانی بانکی ناوەندی، نیشتیمانی ئێران و وەزارەتی بەرگری گواستبوویەوە بۆ دەرەوەی وڵات.