سەردێڕ:

سوپای عێراق: بەهەدەردانی سامانی گشتیی لە دەروازە سنورییەكاندا كەمبووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-11

1669 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی لە دەروازە سنورییەكاندا گرتوویانەتەبەر، ئەنجام و دەستكەوتی باشی لێبەدیهاتووە.

تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، "بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی لە دەروازە سنورییەكاندا گرتومانەتەبەر، داهاتی وڵات زیادی كردووە و بەهەدەردانی سامانی گشتییش كەمبووەتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەك لایەن دەستوەردانیان لە دەروازە سنوورییەكاندا كردووە، بەڵام بە یاسا و هێز بەرپەرچیان دراوەتەوە و رێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت سیستەم و یاسا ببەزێنێت.

باسی لەوەشکرد، لە هەر دەروازیەك میكانیزمێكی تایبەت دانراوە و جگە لەوەش هێزە ئەمنییەكان زۆر بە باشی ئەركەكانیان لە دەروازە سنوورییەكاندا جێبەجێدەكەن.

پێشتریش، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پلانێكی تۆکمە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنورییەكان ئامادەكراوە.

دوێنێش، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق رایگەیاندبوو، داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ مانگی رابردوو ١٠٠ ملیار دینار بووە.

دوای ئەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، هێز بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی چەند دەروازەیەکی سنوری باشور و ناوەڕاستی عێراق بنێرێت، دەنگۆی ناردنی هێز بۆ دەروازە سنورییەکانی هەرێمیش هاتە ئاراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ناوەندی هیچ رێکارێکی لەوجۆرەی نەگرتووەتەبەر و باس لە ئامادەکاری بۆ لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند دەکرێت لەو بارەیەوە.