سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکییان بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2020-08-11

9247 جار خوێندراوەتەوە

پارتی و یەکێتی لە دوای کۆبوونەوەیان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، کۆکبوون لە پشتیوانی کردنی حکومەتی هەرێم بۆ حکومڕانی لە سەرتاسەری هەرێمدا، دەشڵێت، "راگه‌یاندنی هه‌ردوولا خۆیان به‌دوربگرن له‌ شێوازی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی گرژ و زبر له‌هه‌موو جۆره‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن."

شاندی پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەیان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "رۆژی سێ شه‌ممه‌، رێكه‌وتی ١١ی ئابی ٢٠٢٠، شاندی تایبه‌تی گفتوگۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری دوكان كۆبوونه‌وه‌ و چه‌ند ته‌وه‌رێكی په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولایان خسته‌ به‌رباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان له‌ باره‌وه‌ وه‌رگیرا."

دەقی راگەیەندراوەکە:

١. هه‌ردوولا كۆكبووین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه‌ له‌ ٤ی ئاداری ٢٠١٩ ئیمزاكراوه‌ و له‌ هه‌موو روێكه‌وه به‌گشتی‌ و به‌تایبه‌تی له‌ بابه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هاوكاری حكومه‌ت و ئۆرگانه‌كانی بێت بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ته‌ندروستیه‌ی كه‌ په‌تای كۆرۆنا دروستی كردووه‌ و هه‌روه‌ها باری ئابوری و گوزه‌رانی هاوڵاتیان و باشتركردنی.

٢. هه‌ردوولا كۆكبووین له‌ پشتیوانیكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ حكومڕانی له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش به‌ په‌سه‌ند زانرا رێككه‌وتنی ئیداری نێوان هه‌ردوولا جێبه‌جێبكرێت و هه‌روه‌ها له‌ هه‌ر شوێنێك گرفتێك بێته‌ پێش به‌ ته‌فاهوم و هاوكاری نێوان هه‌ردوولا به‌ ڕه‌چاوكردنی لایه‌نه به‌شداره‌كانی دیكه‌ له‌ حكومه‌ت‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها شۆڕكردنه‌وه‌ی بۆ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كان له‌ ئاینده‌دا.

٣. راگه‌یاندنی هه‌ردوولا خۆیان به‌دوربگرن له‌ شێوازی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی گرژ و زبر له‌هه‌موو جۆره‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن.

٤. هه‌ردوولا كۆكبووین له‌ په‌له‌كردن بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگی ئه‌لف له‌ خاڵی شه‌شه‌می رێككه‌وتنی سیاسی نێوان هه‌ردوولا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت و پسۆڕ له‌ هه‌ردوولا پێكدێت بۆ یارمه‌تیدانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زیاتر خزمه‌تكردنی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.

٥. سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێڕاق، بۆ هاوهه‌ڵوێستی هه‌ردوولا كۆكبووین كه‌ ده‌زگاكانی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ هاوبه‌شی و به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ تیمی هه‌ردوولا له‌ حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیراسه‌ی بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن و پێشنیاری گونجاو بده‌نه‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی.

٦. بۆ سودوه‌رگرتن له‌كات و زووتر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان، بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت.

ئەمڕۆ، یەکێتی و پارتی لە دوکان کۆبوونەوە و میدیاکانی یەکێتی و پارتی ئەوەیان خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە کراوە و گوێ لە پێشنیازی یەكتری گیراوە.

رۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد.

لە چەند مانگی رابردوودا، چەند جارێک پارتی و یەکێتی وادەی کۆبوونەوەیان دیاریکردووە، بەڵام دواتر بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیانەوە کۆبوونەوەکانیان دواخستووە.