سەردێڕ:

فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی شوێنی کۆبوونەوەی پاسەوانی سنور و پەکەکەیان کرد

فۆتۆ: 
2020-08-11

10144 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان پاسەوانی سنور و پەکەکەدا دروستبوو، هەردوولا لە ناوچەی بێرکمە کۆبوونەتەوە، بەڵام فڕۆکەیەکی تورکیا بۆردومانی شوێنی کۆبوونەوەکەی کردووە و ئەفسەرێکی سەر سنور و گەریلایەکی پەکەکە شەهید بوون.

عەبدۆ رۆستای پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری برادۆست شەڕ لە نێوان پاسەوانانی سنوری و پەکەکەدا دروستبوو، دەشڵێت، "لە کاتێکدا پاسەوانانی سنور ویستویانە بارەگای نوێ لەو ناوچەیەدا دابنێن، گەریلاکانی پەکەکە رەتیان کردووەتەوە رێگە بەوە بدەن، بەوهۆیەوە شەڕ لە نێوانیاندا دروستبووە و شوانێک بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران چارەسەر وەردەگرێت."

باسی لەوەشکرد، هێزەکانی پاسەوانی سنور چونەتە ناوچەی بێرکمە تاوەکو لەگەڵ پەکەکەدا کۆببنەوە و لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکە قسەبکەن، بەڵام فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانی شوێنی کۆبوونەوەکەی کردووە و ئەفسەرێکی سەر سنور و گەریلایەکی پەکەکە شەهید بوون.

هاوکات، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "هێزێکی سوپای عێراق، کە بە نزیکەی ٣٠٠ سەرباز دەبن بە چەکی پێویستەوە رەوانەی سنورەکانی برادۆست کراون."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە فەرمان لە حکومەتی ناوەندییەوە وەردەگرین و حکومەتی ناوەندیش دەیەوێت چەند بارەگا و بازگەیەکی دیکە لە سەر سنورەکان دروستبکات."