سەردێڕ:

پرسی چوونی پەنابەران بۆ بەریتانیا

فۆتۆ: 
2020-08-11

10258 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ نزیک بوونەوەی دوا وادە بۆ دەرچوونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا، قاچاغچییەکانی سەر سنوری فەرەنسا و بەریتانیا ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە تا زۆرترین پەنابەری نایاسایی  بگەیەننە بەریتانیا، بە جۆرێک لە شەشی ئەم مانگەوە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەر کە لەنێوانیاندا منداڵ و ژنی دوگیانیشی تیادابووە، توانیویانە لەڕێگەی گەروی مانش خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، زۆرینەی کۆچبەرانیش لە وڵاتی فەرەنساوە ھاتبوون.

سەرەڕای سەرقاڵ بوونی بە دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپاوە، ئێستا بەریتانیا بە دەست گرفتێکی دیکەوە دەناڵێنێت، پرسی ھاتنی پەنابەران بە چوپە بەلەم، میدیا و خەڵک و کاربەدەستانی بەریتانیای ھێناوەتە قسە و سیاسیەکانی وڵاتیش دەستی تۆمەت بۆ فەرەنسا رادەکێشن، کە ناردنی پەنابەر وەک کارتی فشار بەکار دەھێنێت بەڕووی بەریتانیادا، وەک وەڵام دانەوەیەک بۆ چوونە دەرەوەیان لە یەکێتی ئەوروپا.

قاچاخچییەکان کێن؟

سەکۆی کۆبوونەوەی پەنابەران لە فەرەنسا دەکەوێتە دوو شارۆچکەی سەر سنوری نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، کاتێک دەگەیتە ئەوێ، ھیچ بڕیارێک لە دەستی پەنابەر نامێنێت، کۆتا بڕیار قاچاخچییەکان دەیدەن، وەک پەنابەران دەڵێن، "ئەوانەی کاری قاچاخچییەتی بە مرۆڤەوە دەکەن، تەنھا ئامانجیان دەستکەوتنی زۆرترین داھاتە و ھیچ دەربەستی سەلامەتی گیانی پەنابەرەکان نین، بەپێی گێڕانەوەکانی پەنابەران، زۆربەی قاچاخچیەکانی کاڵاس و دانکیغ پێکدێن لە مافیاکانی کورد و ئەفغانی، ئەوان دەڵێن بەشێک لەقاچاخچیەکان چەقۆ و چەک و تەقەمەنیان ھەڵگرتوە زۆرجار روبەڕوی یەکتر بوونەوە لەناو خۆیاندا، بە پێچەوانەشەوە زۆر جار بە کاری دەھێنن بۆ ترساندن و تەنانەت ئازاردانی پەنابەرانیش.

نرخی پەڕینەوە بە بەلەمی چوپ

عەلی قسەم بۆ دەکات، ئەو دەڵێت، "ئێمە کە وەک نەفەری پەنابەر گەشتینە فەرەنسا، قاچاخچیەکان ئێمەیان دایە دەست رێبەرێکی کورد کە خۆی بە (ئ،د) ناساند، دواتر بردیانین بۆ چادرێکی بچوک لەناو جەنگەڵستانەکە کە ژمارەیەکی دیکەی زۆری پەنابەری لێبوو، پێیان وتم، "خەمت نەبێ بە بەلەم دەتگەیەنمە ئەوبەر."

قاچاخچیەک قسە بۆ ئێن ئاڕ تی دەکات

دەبوو بگەمە ئەنجامێک، (شاھۆ) یەکێکە لە قاچاخچیە کوردەکان ئەو دەڵێت، "کاری ئێمە دەرکردنی نەفەرەکانە، ھەر کەسە و بەپێی نەفەرەکە پارەی لێوەردەگیرێت لە سێ ھەزارەوە تا چوار ھەزار دۆلار وەردەگرین و ھەر چوپە بەلەمەشی بەپێی گەورە و بچوکی نەفەری تێدەکەین.

ئەو قاچاخچیە دەشڵێت، "ئێمە ئازاری کەسمان نەداوە، زۆرجار نەفەر خۆی ناتوانێت لەگەڵ بارودۆخەکە خۆی بگونجێنێت، رێی قاچاخ پڕە لە مەترسی و دەبێت نەفەر لەمە تێبگات."

ئەو قاچاخچییە دەڵێت، "لەگەڵ قاچاخچی دیکە پێکەوە ئیش دەکەین کە ئەوان لەناو بەریتانیان و ھەرگیز ناوی راستەقینەی خۆیان ئاشکرا ناکەن، لێرە پارە وەرناگرین، دەبێت کەسێکت  لە بەریتانیا پارەکە بداتە خاوەنی رێستۆرانتێک، یان کوردستان، کە ئێمە ناونیشانەکەت دەدەینێ بۆ ئەوەی کە گەیشتی پارەکە وەربگرین."

بەقسەی قاچاخچییەکە ٦٠ میل لەولای بەندەری کاڵاسەوە بەلەمی چوب کە ماتۆڕێکی لێ بەستراوە دەداتە دەست پەنابەرەکان و پێیان دەڵێ راست بڕۆن، وەک خۆی دەڵێ، "ئێمە بەس بەنزینەکەیان دەدەینێ و  دوای ئەوە کاری ئێمە تەنھا ھێنانی بەلەمەکەیە، بۆناو ئاوەکە، پاڵیان پێوە دەنێین و  رێگاکەیان نیشان دەدەین."

پێیاندەڵێین، "کەچۆن  ڕێک بۆ نزیک شارۆچکەی (فۆلکستۆن) نەک بۆ دۆڤەر چونکە ئەوێ پۆلیسی کەمتر لێ یە."

بەوتەی قاچاخچیەکە، ھەرزانترین نرخیش بۆ ھەر نەفەرێک دوو هەزار و ٥٠٠ پاوەند وەردەگرن، کە ئەویش ترسناکترین رێگایە بێئەوەی ئاشکرای بکات ھۆکاری ترسەکە لە کوێدایە و سەلامەتی رێگاکانی دیکە چین، لە کاتێک دا تاکە رێگا چوپە بەلەمە!

نرخی پەڕینەوە بە خۆشاردنەوە لەناو لۆری

شاھۆ ئاماژە بەشێوازێکی دیکەی گەیاندنی پەنابەری نایاسایی دەکات، کە ئەویش لەڕێگای لۆرییە بارھەڵگرەکانی خۆرھەڵاتی ئەورپاوەیە بۆ ناو بەریتانیا.

ئەو دەڵێت، "شەش ھەزار  دۆلار بۆ ھەر نەفەرێک وەردەگرم و دەرگای بارھەڵگرەکانیان بۆ دەکەمەوە و دەچنە ناوی تا بەریتانیا، دەشڵێت، رێگایەکی دیکەمان ھەیە کە پێی دەڵێین گرنتی، ئەوە شۆفێری بارھەڵگر  ئاگادارە، وەک شاھۆ دەڵێت، بۆ ئەو رێگایە بری ١٢ ھەزار دۆلار وەردەگرین و ئێمەش بە ئیتفاق لەگەڵ ژمارەیەک شوفێری وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت شۆفێرە پۆڵۆنی و رۆمانییەکان دەیانگەڕێنینەوە بەریتانیا، وەک شاھۆ دەڵێت، "شۆفێرەکان بڕی دوو بۆ سێ ھەزار دۆلارێکیان دەدەمێ بۆ ھەر نەفەرە و زۆریش خۆشحاڵن بە کارەکەیان!"

شەماڵ بەکر گەنجێکی ھەرێمی کوردستانە و ماوەی چەند مانگێکە گەیشتووەتە بەریتانیا، ئەو دەڵێت، "من بە لۆری دەرچووم، بەڵام ماوەی ٣٦ کاتژمێر لە ناو بارھەڵگرێکی کەپس دا بووین، لەنێوان مردن و ژیاندا یاریمان دەکرد، چونکە چارەنوسمان بەسترابووەوە بەو ھەوایەی لەڕێگەی بەرادی بارھەڵگرەکەوە دەھاتە ژورێ، وەک خۆی دەڵێت ئەگەر بھاتبایە و شۆفێرەکە بیکوژاندایەتەوە، ھەموومان گیانمان لە دەست دەدا.

بەریتانیا چی دەکات

بریتی باتیل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، "بۆ رێگری لە ھاتنی پەنابەران ناچارین ھێزی سەربازی بەکار بھێنین بۆ راگرتنی ئەو شەپۆلە زۆرەی پەنابەران کە رۆژانە روودەکەنە وڵاتەکەمان.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە بارەی بێدەنگ بوونی وڵاتی فەرەنساشەوە رەخنەی توندی لە کار بەدەستانی ئەو وڵاتە گرتوو وتی، "فەرەنسا پەنابەران وەک کارتی فشار بەرامبەر وڵاتەکەمان بە کاردەھێنن وەک کاردانەوەیەک بۆ چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا سوپا دەجوڵێنێت.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش دەڵێت، "داوایەکیان لە وەزارەتی ناوخۆوە پێگەیشتووە بۆ بەکارھێنانی ھێزە چەکدارەکانی سوپای وڵاتەکە، لە ھاوکاریکردنی پاسەوانانی سنور بۆ رێگریکردن لە ھاتنەناوەی کۆچبەران لە ئەوروپاوە بۆ وڵاتەکە یارمەتیدەریانبین، وەزارەتەکەیان ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییە و دابینکردنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەک بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لێشاوی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە دەیانەوێت بۆ دەستکەوتنی ژیانێکی باشتر روو لە بەریتانیا بکەن.

ئامارەکانی ئەمساڵ

لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا، زیاد لە چوار ھەزار پەنابەر  بەڕێگای ترسناک و  بەلەمی چوپەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو نیو ھێندەی ئەو رێژەیە ھاتووەتە وڵاتەکەوە، کە زۆربەیان خۆیان بە ئێرانی ناساندووە، جگە لەبەشێکی دیکە کە وتویانە عێراقین.