سەردێڕ:

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: بەرزی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان فەشەلی ئیدارەدانی کەرتی گشتییە

فۆتۆ: 
2020-08-10

4609 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەرزی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان فەشەلی ئیدارەدانی کەرتی گشتی و هەڵکردنی ئاڵای سپییە بۆ کەرتی تایبەت، دەشڵێت، "ئەم جۆرە لە داهێنانە بەس لە قەد و باڵای ئەم جۆرە لە ئیدارە دەوەشێتەوە، كە نەتوانێت سادەترین خزمەتگوزاری بۆ كۆی هاوڵاتیانی دابینبكات."

هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، "ئەو جۆرە لە بازرگانی كردن بە نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەت، هەڵكردنی ئاڵای سپی وەزارەتی تەندروستیە بۆ كەرتی تایبەت."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەش ئەوپەڕی فەشەلی ئیدارەدانی كەرتی گشتیە لە دابینكردن یان كۆنتڕۆڵكردنی باری تەندروستی و تەشەنەسەندنی كۆرۆنایە لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و تایبەتیش زۆنی زەرد."

راشیگەیاندووە، "هیچ خزمەتێك بە فراوانكردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە كۆرۆنا ناكات، جگە لە جیاكاری چینایەتی هاوڵاتیان كەوتنە ژێر پێی خەڵكی نەدار، جگە لەوەش ئاڕاستەیەكی خراپە بۆ ساردكردنەوەی كارمەندانی كەرتی گشتی بەو پێیەی ئەوان بێ موچە خزمەت دەكەن و لەولاوە كارمەندانی كەرتی تایبەت بە پاككراوی لێی دەخۆن."

دەشڵێت، "ئەم جۆرە لە داهێنانە بەس لە قەد و باڵای ئەم جۆرە لە ئیدارە دەوەشێتەوە، كە نەتوانێت سادەترین خزمەتگوزاری بۆ كۆی هاوڵاتیانی دابینبكات."

باسی لەوەشکردووە، "من تا ئێرە روو سورم كە ئەوەی لە توانام دابووبێت لەگەڵ هاوكارەكانمان كردوومانە بەبێ بەرامبەر و شانازی بە سەرجەم ستافی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و دەوروبەری دەكەم كە لە كارگوزارێكەوە تا بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی رابردوو و ئێستاشدا بەردەوامن لە دابینكردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بۆ توشبوانی كۆرۆنا لە سەنتەرەكانمان."

ئاماژە بەوەشکراوە، "لێرە بەدواوە ئۆباڵی بەلاڕێدا بردنی ئەو خزمەتە لە ئەستۆی ئێمەدا نیە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو بڕیارەی کە وەزارەتی تەندروستی دەریکردووە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی هەرێم دەگرێتەوە و دۆخی تەندروستی لە پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین لە دۆخێکی لەوجۆرە باشدا نییە، کە جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی باسی لێوەدەکات.