سەردێڕ:

سبەینێ پارتی و یەکێتی لە دوکان کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2020-08-10

14972 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە دوکان کۆببنەوە.

ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە، "سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، بڕیارە سبەی سێشەممە، کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، لە دوكان لە پارێزگای سلێمانی، ھەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیی كۆببنەوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "دەستپێكردنی ئەو كۆبوونەوانە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەردوولایە و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا گوێ لە پێشنیازی یەكتری دەگرن و دواتریش كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت، بۆ ئەوەی قسە لەسەر كێشەكان بكرێت بە مەبەستی چارەسەركردنیان".

ئەوەش خراوەتەڕوو، "شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكھاتووە لە، ھۆشیار زێباری، مەحموود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی."

لە ٢٦ی مانگی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەسەر کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بەردەوام دەبێت.