سەردێڕ:

داهاتی مانگی رابردووی دەروازە سنورییەكانی عێراق ١٠٠ ملیار دینار بووە

فۆتۆ: 
2020-08-10

5855 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی پلانی وردى داناوە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەشی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم، دەشڵێت، داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ مانگی رابردوو ١٠٠ ملیار دینار بووە.

عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق لەبارەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمەوە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە، داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ مانگی تەموزی ١٠٠ ملیار دینار بووە، دەشڵێت، لە كۆی ٢١ دەروازەی سنوریی ئەو داهاتە لە حەوت بۆ هەشت دەروازەی سنورییەوە بەدەستهاتووە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەستەی دامەزراوە سنورییەكان هەوڵی زیاتر دەدات بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بۆ پاڵپشتیكردن لە گەنجینەی وڵات بەدەست بێت بە ئامانجی روبەڕوبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا وڵاتی گرتووەتەوە

راشیگەیاندووە، دواى رووداوى تەقینەوەکانى لوبنان و لەسەر فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ژمارەیەک لیژنەیان پێكهێناوە بۆ ئاشكراكردنی ماددە كیمیاییە مەترسیدارەکانی دەروازە سنوورییەكان.

باسی لەوەشکرد، دوای پێكهێنانی لیژنەكان، ماددە كیمیاییە مەترسیدارەكان لە سەرجەم دەروازە سنورییەكاندا لەبەر پاراستنی دەروازە سنورییەكان و ئاسایشی هاوڵاتییان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی دوورەدەست و پارێزراو.

دوای ئەوەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، هێز بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەی چەند دەروازەیەکی سنوری باشور و ناوەڕاستی عێراق بنێرێت، دەنگۆی ناردنی هێز بۆ دەروازەکانی سنورییەکانی هەرێمیش هاتە ئاراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ناوەندی هیچ رێکارێکی لەوجۆرەی نەگرتووەتەبەر و باس لە ئامادەکاری بۆ لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند دەکرێت لەو بارەیەوە.