سەردێڕ:

شەش دەوڵەتی عەرەبی داوای درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران دەکەن

فۆتۆ: 
2020-08-10

2639 جار خوێندراوەتەوە

شەش دەوڵەتی عەرەبی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، گەمارۆی چەک لەسەر ئێران درێژبکرێتەوە، کە دوو مانگی ماوە وادەی گەمارۆکە کۆتایی بێت.

ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو لە نامەیەکدا، کە ڕۆژی یەک شەمە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردوە، تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکەی سەر ئێران نیشانداوە، کە ڕێگە لە ئێران دەگرێت فڕۆکەی جەنگیی و تانک و کەشتی جەنگیی بکڕێت.

ئەو شەش دەوڵەتە بریتین لە بەحرەین، کوەیت، قەتەر، سعودیە، عومان و ئیمارات، ئەوان ئێرانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی دەستێوەردانی سەربازیی لە وڵاتانی دراوسێدا دەکات و چەک دەدات بە حزبوڵا لە لوبنا و سوریا و میلیشیاکانی عێراق و پشتگیریی گروپە توندڕەوەکانی بەحرەین و کوەیت و سعودیە دەکات.

بەڵام عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو نامەیەی شەش دەوڵەتەکەی کەنداوی ئیدانە کرد و بە کارێکی نابەرپرسیارانە ناوی برد.

موسەوی راشیگەیاند، وڵاتانی کەنداو گەورەترین کڕیاری چەکن لە ناوچەکە و جیهاندا، ئەوە سەرەڕای کێشەی ئابوری بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام ئەوان لە کڕینی چەکە بەردەوامن.