سەردێڕ:

لە سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێكی زۆر ئاوی له‌ ده‌به‌نراودا گیرا

فۆتۆ: 
2020-08-10

3801 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕیكی زۆر ئاوی له‌ده‌به‌نراو و شله‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی به‌ر تیشكی خۆر و پله‌ی گه‌رمی به‌رزدا گرتوه‌ و هۆشیاریش به‌ خاوه‌ن دوكان و ماركێت و شوێنه‌گشتییه‌كان ده‌ده‌ن.

ئەمڕۆ دووشەممە، كه‌یوان خه‌لیل سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچونی كارگه‌ی ئاوی له‌ده‌به‌نراو لە لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامییه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، لیژنه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی كانی بای شاری سلێمانییدا ده‌ستی به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ئاوی له‌ده‌به‌نراو و شله‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی به‌ر تیشكی خۆر و پله‌ی گه‌رمی به‌رزدا گرتوه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر له ‌رێی راگه‌یاندنه‌كان و‌ لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ ئاوی له‌ده‌به‌نراو و شله‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی له‌بەر تیشكی خۆر نه‌گوازنه‌وه‌ و له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزدا عه‌مباری نه‌كه‌ن، به‌ڵام خاوه‌ن شوێنه‌كان پابه‌ندنه‌بوون به‌ رێنماییه‌كانه‌وه‌.

باسی لەوەشکرد، به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی ته‌ندروستی عێراق، نابێت خواردن و خواردنه‌وه له‌به‌ر تیشكی خۆر بگوازرێته‌وه‌ و بۆ عه‌مباركردنیشی‌ ٢٥ پله‌ی گه‌رمی دیاریكردووه‌، ئه‌گه‌ر به ‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێنماییانه‌ كاربكرێت‌ زیان به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌كان ده‌گات، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بۆسه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ دروستده‌كات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنه‌ هاوبه‌شكانی قائیمقامیه‌ت به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابوری و شاره‌وانی سلێمانی، چاودێری دوكان و بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان ده‌كه‌ن له‌كاتی هه‌بوونی ئاوی له ‌ده‌به‌نراو و شله‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كانی له‌به‌ر تیشكی خۆر و پله‌ی گه‌رمی به‌رز، ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به ‌ئۆتۆمبێله‌‌ بارهه‌ڵگره‌كانیش دەڵێت، قائیمقامیه‌تی سلێمانی نوسراوی ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی كردووه سزای ئه‌و شۆفێرانه‌ بدات، كه‌ ئاوی له ‌ده‌به‌نراو و شله‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان له‌بەر تیشكی خۆر ده‌گوازنه‌وه‌ و دایانناپۆشن و كه‌مته‌رخه‌می ده‌كه‌ن.

راشیگەیاند، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی ئه‌و ئاوی له‌ده‌به‌نراو و شله‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییانه‌ی له‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌‌.

‌بەپەلە