سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ئاگر لە سنورى نێوان بولگاريا و توركيا كەوتووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-08-10

2474 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى گشتيى ئاگركوژێنەوە له‌ ناوچەكە نيكۆلاى نيكۆلۆڤ رایگەیاند، ئاگر لە سنوری نێوان بولگاریا و تورکیا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە ئەگەری هەیە چەند گوندێک چۆڵبکرێت.

بەڕێوەبەرى گشتيى ئاگركوژێنەوە له‌ ناوچەكە نيكۆلاى نيكۆلۆڤ لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەو دوو ئاگرە گەورەيەى كە سێ رۆژە لە ناوچەى هاسكۆى بەردەوامن، يەكيانگرتووە و بۆ ئەوەى رێگە له‌ گيانلەدەستدان بگرین ره‌نگه‌ چەند گوندێك چۆڵبكرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاگرەکە لە باشورى رۆژهەڵاتى بولگاريا لە ناوچەكانى هاسكۆى و هارمانڵى كەوتووەتەوە و نه‌توانراوه‌ كۆنترۆڵبكرێت، لە ئێستادا لە گوندى ماتۆچيناى سەر سنورى توركيا نزيكبووەتەوە."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "وەزارەتى بەرگريى بولگاريا لە رێگەى ئۆتۆمبێلى سەربازیى و هێليكۆپتەرەوە هەوڵى كوژاندنەوەى مه‌ترسیدارترین ناوچەكان كه‌ ئا‌گره‌كه‌ گرتوونییه‌تییه‌وه‌، دەدات."

هاوکات، هەر بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە و کۆنتڕۆڵنەکردنییەوە، دۆخى كارەساتى سروشتى لە ناوچەكانى هاسكۆى و سڤيلەنگراند راگەيەنراوە، جگە لە تيمەكانى ئاگركوژێنەوەش، سوپا و خۆبەخشان لە خەڵكى ناوچەكە و ناوچەكانى ديكەشەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

لەبارەی ئاگرەکەشەوە بەرپرسانی بولگاریا رایانگەیاندووە، بەهۆى رەشەبا و به‌رزیی پلەكانى گەرماوە ئاگرەكە بە بەردەوامى ئاڕاستەى خۆى دەگۆڕێت.