سەردێڕ:

ترەمپ: ھاوکارییەکی گەورەی دارایی لوبنان دەکەین

فۆتۆ: 
2020-08-10

2153 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، وڵاتەکەی ھاوکارییەکی "دارایی گەورەی" لوبنان دەکات، بەبێ ئەوەی بڕی پارەکە دیاری بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای رووداوەکەی لوبنان کە زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەش ھەزار کەس برینداربوون، بڕیاریانداوە چەندین فڕۆکە بۆ ھاوکاریکردنی لوبنان بنێرن.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمریکا لە رووی لایەنی داراییەوە ھاوکارییەکی گەورەی لوبنان دەکات"، دەشڵێت، "بەڵام لە ئێستادا ناتوانم بڕی پارەکە ئاشکرا بکەم."

رۆژی یەکشەمەش، دۆناڵد ترەمپ بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ھاریکاری لوبناندا کرد، کە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئەو وڵاتە رێکخرابوو.

پێشتریش، سەرۆکی ئەمریکا ھانی حکومەتی لوبنانیدا تاوەکو لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بێ لایەنانە لە رووداوەکە بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.

لە ٤ی ئەم مانگەدا تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگایەکی تەقەمەنیدا لە بەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان روویدا و بەهۆیەوە نزیکەی ١٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.