سەردێڕ:

ڤیدیۆ..دوایین زانیارییەکانی خۆپیشاندانەکانی بەیروت

فۆتۆ: 
2020-08-09

3716 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە دوای تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی بەیروت بەردەوامە و خۆپیشاندەران لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بینای وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومیەکاندان و بەهۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە چەند بەرپرسێک دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەرانی بەیروت کە پێیان وایە گەندەڵی بەرپرسان و کەمتەرخەمیان هۆکاری تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممەی رابردووە، سەرەتا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمانیاندا، بەڵام پۆلیس روبەڕویان بووەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر برینداربوون، هەر ئەمشەویش خۆپیشاندەران لەبەردەمی دەروازەی گۆڕەپانی پەرلەماندا ئاگریانکردەوە.

ئاماژەبەوەشکراوە، خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەک دەستیان بەسەر بینای وەزارەتی دەرەوەدا گرتووەو رایانگەیاندووە، کە ئەو بینایە دەکەنە بارەگای شۆڕش، بەڵام دواتر سوپا بیناکەی کۆنتڕۆڵکردەوە، بەڵام بینای وەزارەتەکانی دارایی و وزە و چەن بینایەکی تری حکومی تائێستا بە دەست خۆپیشاندەرانەوەیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر تەلاری وەزارەتەکانی ئابوری، ژینگە، وزە و ئاو زیانیان بە نوسینگەکان گەیاندووە و چوونەتە ناو تەلاری یەکێتیی بانکەکان.

هاوکات، لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە هەریەک لە وەزیرانی ژینگە و راگەیاندنی وڵاتەکە، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی دیکەدا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و حەسان دیابیش سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات.

هێزە ئەمنییەکانی لوبنانیش ئەوەیان خستووەتەڕوو، لە روبەڕوبوونەوە و گرژی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا، کارمەندێکی هێزەکانیان گیانیلەدەستداوە.

لە تەقینەوەکەی رۆژی سێ شەممەی بەندەری بەیروتدا نزیکەی ١٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا، ٢١ کەس بێسەروشوێنبوون و زیاتر لە شەش هەزار کەس برینداربوون و زیانێکی زۆر بەر دانیشتوانی گەڕەکەکانی نزیک لەو بەندەرە کەوت.