سەردێڕ:

دادگای سلێمانی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەرێک و فەرمانبەرێک دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-08-09

11588 جار خوێندراوەتەوە

دادگاى سلێمانى لە دۆسیەى دیارنەمانى سێ ملیار دینارى بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنى سلێمانى، سزاى شەش ساڵ زیندانى و گەڕاندنەوەی ملیارێک و نۆسەد ملیۆن دینار لەو پارەیەی سەپاند بەسەر بەڕێوەبەرى پێشوو و فەرمانبەرێکی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەدا. 

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، دادگاى سلێمانى لە دۆسیەی دیارنەمانی سێ ملیار دیناری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنى سلێمانى کە نزیکەی سێ ساڵ پێش ئێستا لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە، سزای بەسەر بەڕێوەبەری پێشوو و فەرمانبەرێکی شوێنەکدا سەپاندووە.

هەر بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە چوار تۆمەتباری تری هەمان دۆسییە ئازاد کراون و سزای شەش ساڵ زیندانی و پێبژاردنی بڕی ملیارێک و نۆسەد ملیۆن دینار لەو پارەیەی دیارنەماوە، بەسەر تاوانباراندا سەپاند.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو پارەیەی دادگا لێکۆڵینەوەی لە دیارنەمانی کردووە، پارەی دەستەبەری بووە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دانراوە لە پارەی ئەو کۆمپانیایانەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی پارەی پێشینەیان بۆ دەرچووبوو، لەگەڵ ئەو پارەیەی تەرخان کرابوو بۆ بژێوی ئەو منداڵانەی بەهۆی کێشەی خێزانی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە.