سەردێڕ:

هەڵوێستی نوێی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا

فۆتۆ: 
2020-08-09

3005 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی بۆ واشنتۆن بە "گرنگ" وەسف دەکات و باس لەوەدەکات، "جۆرێک لە هاوسەنگی نێودەڵەتی بەدەستدەهێنێت."

رامی ئەلسەکینی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن باسی لەوەکرد، "سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن بە یەکێک لە گرنگترین سەردانەکان دادەنرێت لەلایەنی نێودەوڵەتیەوە، بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە هاوسەنگی و پشتگیریکردن و بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق."

باسی لەوەشکرد، "سەردانەکە چەندین گفتوگۆ سەبارەت بە دۆسییەی ئابوری و سیاسی و رەهەندە ئاسایشییەکان لەخۆدەگرێت، کە دەتوانرێت لە عێراق بەدەستبهێندرێن."

راشیگەیاند، "ئەرکێک هەیە پێویستە جیاوازبێت بۆ سەرۆکوەزیران، ئەو ئەرکەش تەنها بە بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی حکومەتدا ئەنجامدەدرێت، دەبێت عێراق بێ لایەنی خۆی بپارێزێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "چەند میحوەرێکی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی عێراق هەن، هەر بۆیە پێویستە هاوسەنگی و ئارامی دەرەکی و ناوەکی بپارێزرێت."

بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە، مستەفا کازمی بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومی و بەشێوەیەکی فەرمی سەردانی ئەمریکا بکات و لەمیانی سەردانەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.