سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە دوو رووداوى هاتوچۆدا لە هەولێر پێنج کەس برینداربوون

فۆتۆ: 
2020-08-09

4045 جار خوێندراوەتەوە

هاتۆچۆى هەولێر رایگەیاند، لە دوو رووداوى هاتۆچۆی جیادا پێنج کەس برینداربوون، کە سێ لەوانە سەرنشینى یەک ئۆتۆمبێل بوون.

بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاتژمێر ٥ی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی ١٥٠ مەتری کە هێشتا لە ژێر دروستکردندایە، رووداوێکی پێکدادان روویدا لە نێوان ئۆپڵێکی تایبەت و فۆردێکی تایبەت، لە ئەنجامی رووداوەکە چوار کەس برینداربوون، کە سێ لەوانە شوفێر و سەرنشینی ئۆپڵەکەبوون و ئۆتۆمبێلی ئۆپڵەکە خۆی تاوانباربووە لە رووداوەکە."

ئاماژەبەوەشکراوە، "رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوى یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانەوە بووە، کاتێک گەیشتووەتە یەکێک لە بەربەستە پلاستیکییەکان کە لەسەر شەقامەکە دانرابوون بە مەبەستی سنورنەبەزاندنی خێرایی، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى فۆردی تایبەت کە لە سایدی خۆی ڕۆشتووە."

لە هەمانکاتدا، فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "کاتژمێر ٤ی سەرلەئێوارەی ئەمرۆ لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری لەچوارریانی خیرڵا عبدالکریم، پێکدادانێک لەنێوان ماتۆرسکیلێک و نیسان سەنی تایبەتدا روویدا و لەئەنجامدا شۆفێری ماتۆرسکیلەکە بە سەختی برینداربوو، کە خۆی لایەنی خەتاباربوو، چونکە لەسەر چرای سووری ترافیک لایت نەوەستا."

لە ماوەی رابردوودا وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێم رایگەیاند، له ‌ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر له‌ چوار هه‌زار ‌و ٤٠٠ رووداوی هاتوچۆ له ‌هه‌رێمی كوردستاندا روویانداوە و به‌هۆیانه‌وه‌ ٥٧٥ كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه و زیاتر له ‌شه‌ش هه‌زار ‌و ٨٠٠ كه‌سیش بریندار بوون.