سەردێڕ:

دیارنییە کەی شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-09

7983 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بەغدا وەڵامیان نەداونەتەوە، لەبەرئەوە دیار نییە کەی سەردانی بەغدا دەکەن.

هەرچەندە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا، بە ماڵپەری فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، سێشەممەی داهاتوو شاندی کوردی سەردانی بەغدا دەکات، بەڵام سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کاتی سەردانیکردنیان بۆ لای حکومەتی عێراق دیار نییە.

ئەو سەرچاوەیە باسی ئەوەشی کرد، ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی عێراق دەکەن بۆئەوەی سەردانەکە بکەن و تائێستاش بەغدا وەڵامیان نەداونەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشبینی دەکەن سەردانەکەیان لە پێش سەردنیکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت بۆ ئەمریکا.

بەپێ راگەیاندراوێکی کۆشکی سپی، بڕیارە لە ٢٠ی ئابی٢٠٢٠ مستەفا کازمی، سەردانی واشنتۆن بکات و لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێشوازی لێبکرێت، بەم پێیەش بێت ئەگەری هەیە شاندی کوردی پێش ئەو بەروارە لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆببنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە كۆبوونەوەی رۆژی ١ی تەمموزی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا  بڕیار دراوە  کە  لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە  جارێکى دیکە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانى بەغدا بکاتەوە بە مەبەستى ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەغدا،  بەڵام سەردانەکە نەکرا.

ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی رابردووش، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان ، دوای ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لە بەغدا بە بێ رێککەوتن گەڕانەوە هەولێر و حكومەتی هەرێمیش ڕایگەیاند  لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا  بەردەوامى دەبێت تا دەگەنە ڕێکەوتنیک کە ماف و شایستە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت.