سەردێڕ:

پاش ٤١ ساڵ بۆ یەکەمجار نێردەی ئەمریکا گەیشتە تایوان

فۆتۆ: 
2020-08-09

2509 جار خوێندراوەتەوە

پاش ٤١ ساڵ وەزیری تەندروستیی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد و چینیش کە ئەو وڵاتە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، هۆشداری دەداتە واشنتۆن.

بڕیارە ئەلێکس ئیزار وەزیری تەندروستیی ئەمریکا لەو سەردانەیدا پرسی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لەگەڵ بەرپرسانی تایوان تاوتوێ بکات.

سەبارەت بەو سەردانە وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، هەر هەنگاوێک بۆ بەفەرمی ناساندنی تایوان شکست دەهێنێت، چونکە تایوان بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆماری چین، لەو بارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، کاردانەوەی توندیان دەبێت.

لە ساڵی ١٩٤٩دا دوای شکستی حزبی کۆمینتانگی فەرمانڕەوا لە شیوعیەکان، حکومەتی کاتیی چین لە دورگەی تایوان جێگیرکرا و بە درێژایی ساڵانی شەڕی سارد زۆربەی وڵاتانی جیهان حکومەتی تایوانیان وەک حکومەتی فەرمی چین دەناسی.

لەساڵی ١٩٧٩ و دوای ئەوەی  ئەمریکا پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆماری گەلیی چین ئاسایی کردەوە، پەیوەندیەکانی لە گەڵ تایوان وەک حکومەتێکی سەربەخۆ پچڕاند.

بەهۆی رێگریەکانی چینەوە، تایوان لە ئەندامبوون لە زۆر رێکخراوی نێودەوڵەتی بێبەشە، لەوانە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.