سەردێڕ:

داعش هێرشیکردە سەر ماڵی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین

فۆتۆ: 
2020-08-09

3043 جار خوێندراوەتەوە

ئەفسەرێک لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین رایگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر ماڵی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین و بەهۆیەوە روبەڕوبوونەوە لە نێوان چەکدارانی داعش و پاسەوانانی جێگری پارێزگاردا روویداوە.

سەعد محەمەد ئەفسەر لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی سەڵاحەدین رایگەیاند، چەکدارانی داعش هێرشیانكردووەتە سەر ماڵی ئیسماعیل هەلوب جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین، لە باشوری رۆژئاوای شاری تكریت، سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین، کە لە میانی هێرشەكەدا، شەڕ و پێكدادان لەنێوان پاسەوانانی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین و چەکدارانی داعشدا روویداوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای گەیشتنی هێزی پشتیوانی بۆ ناوچەكە، چەکدارانی داعش بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون، دەشڵێت، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

ماوەی چەند مانگێکە، رێکخراوی چەکداری داعش لە هەوڵی زیندووکردنەوەی چالاکییەکانیدایە لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراقدا، بەو هۆیەشەوە ناوبەناو چالاکیی و کردەی چەکداریی ئەنجامدەدات.