سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لەدژی کەمتەرخەمی بەرپرسانی لوبنان خۆپیشاندانی بەشێکی هاوڵاتیان بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2020-08-08

1991 جار خوێندراوەتەوە

لەدژی کەمتەرخەمی بەرپرسانی لوبنان، خۆپیشاندانی بەشێکی هاوڵاتیانی بەیروتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

لە دوای رووداوی تەقینەوەکەی بەیروت ناڕەزایەتی بەشێکی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە سەریهەڵدا و رەخنە لە بەرپرسانی وڵاتەکە دەگرن بە کەمتەرخەمیان لە بەرامبەر ئەرک و بەرپرسیارێتییاندا، لەو چوارچێوەیەشدا، ماوەی دوو ڕۆژە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان دەستپێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، لە دوای رووداوەکەوە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتەش بەردەوامە و تا ئێستا چوار پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە دەستیان لە کارکێشاوەتەوە.

لەو بارەیەوە سامی جومەیل سەرۆکی گشتی پارتی کەتایبی کریستیان، بەشداری لە رێورەسمی ماتەمینی نزار نەجاریان سکرتێری گشتی پارتەکەی کرد، کە لە تەقینەوەکەی رۆژی سێشەممە رابردووی بەندەری بەیروت گیانیلەدەستدا و تیایدا رایگەیاند، خۆی و ئەندامانی دیکەی پارتەکەی نەدیم جومەیل و ئیلیاس ھانکێش دەستبەرداری ئەرکی پەرلەمانتاری دەبن.

لەلایەکی دیکەشەوە، پاولا یەعقوبیان پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاندبوو و داواشی کرد، کە گشت پەرلەمانتاران دەستلەکاربکشێنەوە.

دوێنێ هەینی، لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی لوبناندا دەستیان بە خۆپیشاندانکرد و هەوڵیاندا لە ڕێی یەکێک لە دەروازەکانەوە بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتیان کرد.

لە رۆژی ٤ی ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز روویدا.