سەردێڕ:

بەڕێوەبەرانی بەندەری بەیروت و گومرگەکان دەستبەسەرکران

فۆتۆ: 
2020-08-08

3152 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت سێ بەرپرسی وڵاتەکە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "NNA"ی لوبنانی، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت هەریەکە لە حەسەن قوڕەیتم بەڕێوبەری بەندەرەکە، بەدری زاهیر بەڕێوەبەری گومرگەکان و شەفیق ماری بەڕێوەبەری پێشووی گومرگەکان دەستبەسەر کراون، ئەوەش هاتووە، "ئەو سێ بەرپرسە دوای نزیکەی پێنج کاتژمێر لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، دەستبەسەر کراون."

هاوکات، پێشتریش ۱٦ بەرپرسی دیکەی بەندەری بەیروت دەستبەسەر کرابوون و بەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، تا ئێستا ۱۹ کەس دەستبەسەر کراون.

رۆژی ٤ی ئەم مانگە، تەقینەوەیەکی بەهێز بەیروتی پایتەختی لوبنانی هەژاند و لە ئاکامدا بەندەری شارەکە خاپوربوو و زۆرێکیش لە بیناکانی نزیک بەندەرەکە زیانیان بەرکەوت، بەپێی دوایین ئاماریش زیاتر لە ١٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.