سەردێڕ:

عێراق وردەکاریی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-08-08

5656 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق وردەکاریی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هەفتەی داهاتوودا کازمی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا هەواڵێكی كۆشكی سپی سەبارەت بە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا پشتڕاستكردەوە و تیایدا هاتووە، "لە ٢٠ی ئەم مانگە مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، سەردانی واشنتۆن دەكات و لە میاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كۆدەبێتەوە."

ئاماژە بەوەشكراوە، "لە میانی كۆبوونەوەكەدا، كازمی و ترەمپ تاوتوێی ژمارەیەك پرسی  گرنگ دەكەن، لەوانە چۆنییەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لەگەڵ هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی ئاسایش، وزە، تەندروستیی، ئابوری و وەبەرهێنان."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و کازمی باس لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەکەن."

پێشتر كۆشكی سپی رایگەیاندبوو، كە لە ٢٠ی ئەم مانگەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی واشنتۆن دەكات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆدەبێتەوە.

لە ماوەكانی رابردووشدا راگەیەندرابوو، كە بەمزووانە مستەفا كازمی بە ئامانجی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن سەردانی ئەمریكا دەكات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١١ی حوزەیرانی رابردوودا، یەكەم قۆناغی گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمریكا سازكرا، كە لە میانیدا سەبارەت بە كۆمەڵێك تەوەر بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا لەوانەش ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئابوری، وزە، بابەتە سیاسییەكان و كلتوری نێوان هەردوو وڵات.