سەردێڕ:

سبەی تاقیكردنەوەكانی بەرایی دەرەكیی بۆ پۆلی ١٢ لە عێراق دەستپێدەكات

فۆتۆ: 
2020-08-08

1525 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، "سبەی یەكشەممە بە بەشداری ٤٨ هەزار قوتابی، تاقیكردنەوەكانی بەرایی ــ دەرەكیی بۆ سەرجەم لقەكانی پۆلی ١٢ لەهەموو پارێزگاكاندا، دەست پێدەكات".

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، "وێڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، بەڵام سبەی یەكشەممە بە بەشداری ٤٨ هەزار قوتابی، تاقیكردنەوەكانی بەرایی دەرەكیی بۆ سەرجەم لقەكانی پۆلی ١٢ لە هەموو پارێزگاكاندا بۆ ئەمساڵی خوێندن دەست پێدەكات.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ١٨ هەزار قوتابی ئامادەییە پیشەییەكان لەگەڵ هەشت هەزار قوتابی پۆلى ١٢ى بەشی زانستیی ــ زیندەوەریی و پێنج هەزار قوتابی پۆلى ١٢ى بەشی زانستیی ــ كارپێكەریی و هەروەها ١٧ هەزار قوتابی پۆلى ١٢ى بەشی وێژەیی لە تاقیكردنەوەی بەرایی دەرەكیی بەشداری دەكەن كە سبەی یەكشەممە لە سەرجەم پارێزگاكاندا دەست پێدەكات.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە، وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ وەزارەتەكانی تەندروستیی و ناوخۆ، هاوكاریی و هەماهەنگیی باشیان كردووە لەپێناو پاراستنی تەندروستیی ئەو قوتابیانەی كە لە تاقیكردنەوەكانی بەرایی دەرەكیی بەشداری دەكەن.

ئەمەش لەكاتێكدایە، تائێستا ١٤٤ هەزار و ٦٤ كەس لە عێراق توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و ٢٣٦ كەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٣ هەزار و ١٩٧ی دیكەش چاكبوونەتەوە.