سەردێڕ:

١٥ رۆژ دەدرێتە وەزارەتی تەندروستی تا ئەستۆپاکی خۆی بسەلمێنێت

فۆتۆ: 
2020-08-08

3070 جار خوێندراوەتەوە

جەواد ئەلموسەوی داوای لە وەزارەتی تەندروستیی کرد لە ماوەی ١٥ رۆژدا ئەو گرێبەستانەی بۆ کڕینی پێداویستی و ئامێرە پزیشکییەکان واژۆیان کردوون بەردەستیان بخات.

ئەمڕۆ شەممە، جەواد ئەلموسەوی پەرلەمانتاری عێراق لە راگەیەندراوێکدا، داوای لە وەزارەتی تەندروستیی کرد، ئەو گرێبەستانەی بەمەبەستی کڕینی ئامێری پزیشکی و دەرمان واژۆی کردوون بخاتە بەردەستی و بۆ ئەم مەبەستەش ١٥ رۆژی وەک مۆڵەت بۆ وەزارەت دەستنیشانکرد تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات و دڵنیابێت لەوەی هیچ گەندەڵیان تێدا نەکراوە.

 ئەوەش هاتووە، "ئەم داواکارییە لەژێر رۆشنایی ئەو زانیاریانەوە هاتووە کە ئاماژە بە هەبوونی گەندەڵی لە گرێبەستەکانی کڕینی ئامێرە پزیشکیەکان کراوە لە چوارچێوەی ئەو ٢٠ ملیار دۆلارەی تەرخانکرابوو بۆ وەزارەت و فەرمانگە تەندروستییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا."

داواشیکرد، "وەڵامی تایبەت بە هەر فەرمانگەیەک ئامادەبکات و لە خشتەیەکدا ناوی ئامێر و مۆدێل و نرخ و ماوەی گرەنتی ئیشکردنی ئامێرەکان تۆمار بکات."