سەردێڕ:

کۆگا کیمیاوییەکانی تاران ترس و دڵەڕاوکێ لە ئێران دروستدەکات

فۆتۆ: 
2020-08-08

3394 جار خوێندراوەتەوە

شانەی قەیرانەکانی تاران ترس و دڵەڕاوکێی خۆی لەبارەی دووبارەبوونەوەی کارەساتەکەی بەیروت لە تاران دەربڕی و پێداگری لەسەر گواستنەوەی کۆگا کیمیاوییە گەورەکان بۆ دەرەوەی گەڕەکی شەهران کرد.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، رەزا کەریمی سەرۆکی شانەی قەیرانەکانی تاران پێداگریکردووە لەسەر گواستنەوەی کۆگا کیمیاوییە گەورەکان بۆ دەرەوەی گەڕەکی شەهران کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری تارانی پایتەختی ئێرانەوە، ئەمەش پاش ئەو ئاگادارکردنەوانە هات کە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای تارانەوە لەبارەی مەترسیداربوونی شوێنی کۆگاکان راگەیەندرابوون.

ئەوەش هاتووە، بەشێک لە کۆگاکانی ‌هەڵگرتنی مادە کیمیاوییەکان دەکەونە ئەو ناوچانەی چڕی دانیشتوانیان زۆرە.

هاوکات، پێنجشەممەی رابردوو مەجید فەراهانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای تاران رایگەیاند، "هەبوونی کۆگایەکی خەزنکردنی نەوت لە باکوری شاری تاران، رەنگە کارەساتێکی لێبکەوێتەوە زۆر خراپتربێت لەو تەقینەوەیەی بەیروتی پایتەختی لوبنان بەخۆیەوە بینی ".

پێشتریش، فەراهانی ئاماژەی بەوەکردبوو، "پێویستە وانەیەک لە تەقینەوەکەی بەیروت وەربگرین، دەسەڵاتداران ئاماژە بەوەدەدەن بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر و سوتانی مادە کیمیاوییەکان کارەساتەکە ڕویدا کە بەبێ گرنگیپێدان هەڵگیرابوون."