سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی لوبنان: بەهۆی تەقینەوەکەوە زیاتر لە ٦٠ کەس بێسەروشوێنن

فۆتۆ: 
2020-08-08

1977 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروت زیاتر لە ٦٠ کەس بێ سەروشوێنن و زیاتر لە ١٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.

حەمەد حەسەن وەزیری تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و رێژەی بریندارانی رووداوەکەش پێنج هەزار کەسی تێپەڕاندووە"، دەشڵێت، "زیاتر لە ٦٠ کەس بێ سەروشوێنن."

ئاماژەی بەوەشکرد، "چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەرزترببێتەوە لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی گەڕان و هەڵدانەوەی داروپەردووەکان لە شوێنی تەقینەوەکە."

ئێوارەی دوێنێ، میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، "پێداویستی و ئامێری زیاتر و سەگی راهێنراوی زیاتر گەیەندراونەتە دەست تیمەکانی پشکنین و گەڕان."

پێشتریش، پارێزگاری بەیروت ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی تەقینەوەکە ٣٠٠ هەزار کەس بێ لانەبوون، هاوکات، دەستەی باڵای فریاگوزاری ئێوارەی دوێنێ رایگەیاند هەشت هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.