سەردێڕ:

روسیا لە بارەى کاتى بەکارهێنانى ڤاکسینی کۆرۆنا روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-08-07

13010 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وەزیری تەندروستی روسیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو یەکەم بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامدەدات.

بەیانی ئەمڕۆ هەینى، ئۆلیگ گریدنیف، جێگری وەزیری تەندروستی روسیا لە میانى کردنەوەی نەخۆشخانەی سەنتەری نیشتمانی بۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری ئوفا رایگەیاند، "ئەو ڤاکسینەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن سەنتەری گمالیاوە بەرهەمهێندراوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم بەکارهێنانی ئەنجامدەدرێت."

ئاماژەى بەوەشکرد، "تائێستاش بەردەوامین لە دەستەبەرکردنی زۆرترین بڕی ڤاکسینەکە"، ئەوەشی خستەڕوو، "بەشی زۆری ڤاکسینەکە دەدرێت بەو چین و توێژانەی کە ئەگەری زیاترە توشی پەتاکە ببن، لەپێش هەمووانەوە کارمەندانی تەندروستی و بەساڵاچوان ".

باسی لەوەشکرد، "کاریگەری ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت کاتێک بەرگری دانیشتوان دروستدەبێت، ئەوکات گواستنەوەی ڤایرۆسەکەش لەڕووی پراکتیکیەوە ئەستەمدەبێت خێرایی ئەو کاریگەریەش بەند دەبێت لەسەر خێرایی پێدانی ڤاکسینەکە و وەرگرتنی لەلایەن زۆرترین کەسەوە."

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، لە پاش سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا تاوەکو ئێستا ١٨ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٦٢٩ کەس لە جیهاندا توشى ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ١١ ملیۆن و ٤٧٧ هەزار و ٨٣٤ کەس لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و ٧١٢ و ٣٣٤ کەسیش گیانیانلەدەستداوە.