سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان بڕی نۆ ملیۆن دۆلار هاوکاری نەخۆشخانەکانی بەیروت دەکات

فۆتۆ: 
2020-08-07

1172 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەسەر ناردنی نۆ ملیۆن دۆلار بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیە پزیشکییە بەپەلەکانی لوبنان پاش روودانی تەقینەوەکانی شاری بەیروت.

فەرحان ئەلحەق وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لەلایەن سندوقی ناوەندییەوە پارەیەی پارەی زیاتری دەخرێتەسەر سندوقی مرۆیی لوبنان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو گرفتانەی بەهۆی تەقینەوەکانی ئەم دواییانەوە رووی لەو وڵاتە کردووە.  

ئەوەشی خستەڕوو، "نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵسەنگاندن بۆ زیان و پێداویستییەکانی ئەو وڵاتە دەکات، کە بەهۆی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیروتەوە لێی کەوتووە."

باسی لەوەشکرد، "هیوادارین رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆبونەوەیەک ئەنجامبدرێت و ١٩٣ دەوڵەتی ئەندام بەشداری تێدابکەن، بۆ ئەوەی داوای کۆمەکیان لێبکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو نۆ ملیۆن دۆلارە لە دامەزراندنی یەکەی چاودێری ورد و دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و دەرماندا خەرج دەکرێت.

لە رۆژی ٤ی ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز روویدا.