سەردێڕ:

لە بەیروت خۆپیشاندان دژی گەندەڵی کرا

فۆتۆ: 
2020-08-07

2397 جار خوێندراوەتەوە

لە بەردەم پەرلەمانی لوبنان لە بەیروتی پایتەختدا دژی گەندەڵی خۆپیشاندان کرا و خۆپیشاندەرانیش هەوڵیاندا بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە.

خۆپیشاندەران لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی لوبناندا دەستیان بە خۆپیشاندانکرد و هەوڵیاندا لە ڕێی یەکێک لە دەروازەکانەوە بچنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانەوە و دروشمیان دژی حکومەت بەکارهێنا و بە گەندەڵ وەسفیان کرد و داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتیان کرد.

لەمیانەی خۆپیشاندانەکەدا، هێزەکانی پۆلیس لە ڕێگەی بەکارهێنانی گازی فرمێسک رێژەوە روبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە و پێکدادان و تێکهەڵچون لە نێوانیاندا رویدا و خۆپیشاندەرانیش بە بەکارهێنانی بەرد روبەڕویان بوونەوە.

هاوکات، چەندین شوێنی بازرگانی روبەڕوی هێرشکردنە سەر و شکاندن لەلایەن خۆپیشاندەران بوویەوە.

هاوکات، لە چەندین گەڕەک و شەقامی  نزیک لە پەرلەمان خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینی.  

لەلایەکی دیکەوە، نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ئەندامەکانی کرد رۆژی دووشەمەی داهاتوو  لە رێگەی ئینتەرنێتەوە  کۆببنەوە  بۆ یارمەتیدانی لوبنان لە بواری مرۆیدا.

لە رۆژی ٤ی ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆمی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز روویدا.